بمانبوورە کەیسنجەر!
پرسیارێک لە سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان!
تێبێنی: ئەم وتارە لە رۆژنامەی (رووداو) بە کوردی و لە سایتی رووداو بە ئینگلیزی بڵاو کراوەتەوە.
کاوە ئەمین
سەردانەکی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، کەمال کەرکووکی بۆ ئەمریکا، مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتی دوای ئەوەی کە چەند پەرلەمێنتارێک داوا دەکەن کە دەبێت ئەجندای سەردانەکەی کراوە بێت و تێچوونی سەفەرەکەیشی بخرێتە بەردەم ئەندامانی پەرلەمان و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. ئەگەرچی دەبوو وەزیر و سەرۆک پەرلەمان و کاربەدەستانی ئەو وڵاتە کاتێک سەردانی شوێنێک دەکەن بە پارەی خەڵک (کە دەڵێم خەڵک لە وڵاتێکی وەکو سوێد، سیاسییەکان بەدەر لە کاری شەخسی خۆیان کاروباری حکومەت بۆ نموونە سەفەری رەسمی دیکە بە پارەی باج وەرگرتن خەڵک دەکەن)، دیارە لە کوردستان دەبێتب بڵێین بەو پارەیەی کە وەکو بودجە لە عێراقەوە دەنێردرێت بۆ کوردستان، ئەوا خەرجی و مەسرەفەکانیان نەک بۆ داودەستگای پەیوەندیدار بەڵکو لەسەر ماڵپەری دەستگاکانیان دادەنێن، ئیتر پێویست بەو حەسیرمەیانە ناکات.
ئەوەی بەلای منەوە جێگای سەرنج و تێروانییە، سەردانی سەرۆکی پەرلەمانە بۆ لای کەسێکی وەکو هێنری کەیسنجەر کە بەیەکێک لە ئەندازیارانی هەرەسهێنای شۆررشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٥، دادەنرێت؟ لە هەواڵێکدا کە لەسەر ماڵپەری پەرلەمان دانراوە و تێیدا هاتووە کە کەیسنجەر دەڵێت: رووداوەکانی ١٩٧٥ و دواتر ناحاڵێبوونیکی دروستکردووە لە لای کورد! هەرەسهێنانی شۆرشێکی ١٤ ساڵە و دەیان هەزار کوژراو و بریندار و کاولکردنی وڵاتێک لە لای جەنبیان ناحاڵیبوونە. کەیسنجەر کەسێکی درۆزن و ساختەچییە و هەموو شتێکی لەبەرژەوەندی ئەمریکا و ئیسرایلدا کردووە لە ناوچەکەدا، خۆزگە دەمزانی سەرۆکی پەرلەمان لە وەڵامی ئەو قسەیەدا چی بە کەیسنجەر گوتووە؟ چونکە ئەوەی کە لە هەواڵەکەی پەرلەماندا بڵاو کراوەتەوە تەنها وەکو کوڕزانەوە وایە! کەمال کەرکووکی نەدەبوو بچێتە دیداری کەسێک کە هیچی لە سەددام و ئەوانی دیکە کەمتر نییە بۆ کورد، کە هەردەشچوو دەبوو داوای لێبکردایە کە با لەسەرەمەرگیشدا بێت داوای لێبووردن لە گەلی کورد بکات!